كتێبی پۆلی یه‌کی سه‌ره‌تایی
ئه‌م کتێبۆکه‌یه پێشکه‌ش بێت به هه‌موو منداڵانی وڵاته‌که‌م. هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌م کتێبه، به‌و مه‌رجه ئه‌گه‌ر بۆ که‌ڵک ڵێ وه‌رگرتن بایه‌خێکیان هه‌بێت و شیاوی ده‌کارهێنان بن ، ئه‌وا ماڵی هه‌موو که‌سێکن و هه‌موو که‌س بۆی هه‌یه و ده‌توانێ که‌ڵکیان ڵێ وه‌ربگرێت ، به‌ڵام بۆ فرۆشتن قه‌ت قه‌ت نا !
به ئه‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه ـ که‌ریم دانشیار
مامۆستای هێژا !
دایک و باوکی به‌ڕێز !
ئه‌وه‌یکه له‌م کتێبۆکه‌یه‌دا دێته به‌رچاوی پڕ سه‌رنجتان، من قه‌ت پێم وانییه ئه‌مه بابه‌تێکی تاکانه‌ی یه‌کدانه‌یه و، نایابترین و ڕه‌سه‌نترینی ئامرازی ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌کردنی جگه‌رگۆشه‌کانی کورده و دوایی به هه‌موو شتێک دێنێت.. نه‌خێر هه‌ر نه‌ک ئه‌م به‌رهه‌مه بچووکه، به‌ڵکه چی به‌دوای ئه‌مه و ئه‌وانی تریش دا دێن ، هیچیان ناتوانن ببنه خاڵی ئاخر و له کۆتایی ئاخر ڕسته‌ی ئه‌م بواره‌دا دابندرێن. چونکه هه‌تا گه‌شه و پێشوه‌چوونی زانستی به‌ره‌ی مرۆڤ له ئارا دا بێت ، له زانستی ڕاهێنان و په‌روه‌رده کردنیشدا تازه دێت و سه‌ری کۆن ده‌خوا و خۆیشی کۆن ده‌بێ و هه‌ر به‌و ده‌رده ده‌چێت که کۆنه‌کانی تری پێچوون. به‌ڵام مه‌به‌ست له نووسین و پێشکه‌ش کردنی ئه‌م به‌رهه‌مه چه‌ندلاپه‌ڕه‌یه ، هه‌ربه‌س نیاز و ئاره‌زووی خۆمه تێدا به‌سته بووه و چی تر. ده‌سا با به گوته‌یه‌کی ڕاست و ڕه‌وانتری بێژم که ئه‌مه مزه و مافی خۆمه و ده‌یده‌مه‌وه به‌خۆم ؛ مزه و مافێک که به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی بیست و هه‌شت ساڵ ته‌مه‌نی مامۆستایه‌تی و ده‌رس گوتنه‌وه‌م له لادێ و شار و شاخه‌کانی کوردستان و له تاراوگه و ده‌ربه‌ده‌ریدا و، به‌هۆی داهاتنی کاتی خانه‌نشینیم ، پێشکه‌ش به بیر و یادگاره له‌گیان چه‌سپاوه‌کانی خۆمی ده‌که‌مه‌وه ؛ بیر و یادگارانێک که یه‌کده‌م لێم دوور نابنه‌وه و قه‌ت له مێشکم هه‌ڵناقرتێن. بیر و یادی ئه‌و کیژ و کوڕه تێکۆشه‌ره ئازیزانه‌م مه‌به‌سته که سه‌ر و سه‌ده‌مێک زارۆکی تازه پێگرتووی پۆل و کلاسه‌کانی من و ئه‌وانی تر بوون.. ئه‌وان گه‌وره بوون و ڕسکان و هه‌ڵیان دا و بوون به پێشمه‌رگه و له مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌ف دا گیانی پاکیان ده‌به‌ر ئاواتی گه‌له‌که‌یان مراند. پێشکه‌ش به هه‌موو ئه‌و یاد و بیره‌وه ر ییه بایه‌خداره هێژایانه بێت ، که من خۆمیان تێدا ده‌بینم و ئه‌گه‌ر ئه‌وانم نه‌مێنن ، هیچم نامێنێت .
به‌ڕێزان !
ئه‌وه‌یکه ڕوون و ئاشکرایه ، ئه‌مه‌یه که نووسینی کتێبی (ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌کردن)ی منداڵ کارێکی یه‌کجار زۆر حه‌سته‌م و گرنگه ، هه‌ر بۆیه قه‌ت نابێ تاکه که‌س خۆی له قه‌ره‌ی بدات و یه‌کته‌نه و دڵخـوازانه خۆی بـه‌م گۆمه مه‌نده قووڵه دابکات. له‌ڕاستیدا، کتێبی(ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌کردن)ی منداڵ ، ئه‌ویش به تایبه‌ت کتێبی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی ، که له یه‌که‌مین هه‌نگاودا هه‌ست و مێشکی ناسکی منداڵ شه‌قڵ لێ ده‌دات و له دووه‌مین هه‌نگاودا به‌ردی بناغه‌ی که‌سایه‌تیی داهاتووی پایه‌ڕێژی ده‌کا ، وه‌زیفه‌ی سارشان و وه‌باڵی ئه‌ستۆی کۆمه‌ڵێک پسپۆڕی لێهاتووی زانایه و ده‌بێ ئه‌وان به کۆمه‌ڵ ئه‌م حه‌ڵاڵه وه‌ئه‌ستۆ بگڕن . خۆ دیاره و ئه‌گه‌رچی کورد پیاوی زانا و پسپــۆڕی کـه‌م نیـیه و له خودێ به‌زیاد بێ ، ده‌کرێ بڵێین به هه‌زاران و هه‌زارنن ، لێ مخابن چه‌لێ هـیچ دوو زانایه‌ک ، هـیچ دوو هونه‌روه‌ر و هونه‌رمه‌ندێک ، هـیچ دوو پیشه‌وه‌رێک ، هـیچ دوو کرێکارێک ، هـیـچ دوو مامۆستایه‌ک و هیچ دوو ڕێزان و ڕێبه‌رێک له‌ناو ئێمه‌دا یه‌ک نین و یه‌کتر به هیچ نازانن. هه‌ر بۆیه‌ش زۆر تێده‌کۆشین و قه‌ت هیچمان ده‌ست ناکه‌وێت. هه‌ر له‌م بواره‌شه‌وه من پێم وابووه دانیشتن به هومێدی یه‌کگرتن (چه‌لێ) نه‌خشی سه‌رئاوه و نه‌خشی سه‌رئاو قه‌ت نابێته گوڵ و له سه‌ر سنگی که‌س جێ ناگرێت و قه‌ت به هیچ نابێت . هه‌ربۆیه منی یه‌کته‌نه خۆم به‌م ده‌ریا ئه‌وسه‌ر نادیاره دا کردووه و به ناچاری پێموایه بوومه‌ته مه‌لـه‌وانی ئه‌م گۆمه مه‌نده قووڵه.
به‌ڕێزان !
له‌م کتێبۆکه‌یه‌دا ئه‌م بابه‌تانه‌م ڕه‌چاو کردوون :
1 ـ نه‌زمی له‌مێژ داڕێژراوی(ئه‌لفوبێ)م له‌به‌رچاو نه‌گرتووه ، واته به‌پێی ته‌رتیبی پیتی ئه‌لفبایی نه‌چوومه پێش. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بووه که هه‌وڵم داوه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وشه‌ی زۆر هاسانی یه‌ک که‌رتی(یه‌ک سیلابی) ده‌کار بێنم و وشه‌گه‌لێکی که مێشکی تازه‌کاری منداڵ تاقه‌تی پێ ناشکێت ، خۆیان لێ بپارێزم . به‌ڵام به‌ره به‌ره و پێ به پێ ده‌گه‌ڵ خوێندنی پیتی ئه‌لفبایی، منیش هه‌وراز هه‌ڵکشاوم و وشه‌ی چه‌ند که‌رتیم له تێکسته‌کان دا گونجاندووه. به کورتی ، له سه‌ره‌تادا هه‌ر ئه‌و وشه سادانه‌م ده‌کار هێناوه کــه مـنـداڵ ده‌گه‌ڵ (ده‌نگ و ده‌نگبزوێنه‌کانیان) ئاشنا بووه. واته به‌پێچه‌وانه‌ی کاری هه‌نده مامۆستایه‌ک ، که هه‌ر له سه‌ره‌تای کتێبه‌که‌یاندا پیتی خوێـندراو و نه‌خوێندراویان لێک هاڵاندووه و وشه‌یان لێ ساز کردووه ، من ئه‌مه‌م نه‌کردووه.
2 ـ دوای هه‌ر چه‌ند ده‌رسێک ، تـه‌مـریـنی مامۆستا و قوتابی ده‌ست پێده‌کات ، که ئه‌م به‌شه گرنگترینی به‌شی کـتـێبه‌که‌یـه و پێویسته مامۆستا ته‌مرینه‌کان بۆ قوتابی بخوێنێته‌وه و له ئه‌نجامدانیان دا یاریکاریان بێت. به کورتی ، له به‌شی(ته‌مرینی مامۆستا و قوتابی) دا ، مامۆستا ده‌یخوێنێته‌وه و قوتابی ئه‌نجامی ده‌دا.
3 ـ مه‌شق و ته‌مرینه‌کانم به چه‌شنێک ئاماده کردووه که بکرێت هه‌ر له‌سه‌ر کلاسی درس دا کاری له‌سه‌ر بکرێت و حه‌وجێ به کات و کاری زیاتر نه‌بێت.
4 ـ ئه‌وه‌نده‌ی بۆم ڕوخسابێت ، نه‌م هێشتووه ڕه‌نگ و بۆنی زاراوه‌ی ناوچه‌یی و هه‌رێمی به‌سه‌ر تێکسته‌کاندا قورسایی بکات ؛ نه زاراوه‌ی ڕه‌به‌ق سلێمانی و نه گه‌ڕووسی و نه موکریانی؛ به‌ڵکه ئه‌وه‌نده‌ی بۆم لوا بێت ، خۆم له وه‌سییه‌تنامه‌که‌ی مامۆستا (هێمن)ی مه‌زن نزیک کردۆته‌وه و به‌و زمانه هاتوومه‌ته گوتن ، که له قه‌دیمه‌وه ئه‌ده‌بییاتی نووسراوه‌ی کوردی پێ نووسراوه.
5 ـ ڕێنووسێکی بچکۆڵانه و ده‌فته‌رێکی ته‌مرینی(ئه‌لف و بێ)یشم به جیا ئاماده کردووه ، که ده‌فته‌ری ته‌مرینی ئه‌لف و بێ ، له یه‌که‌م مانگی ده‌سپێکردنی ده‌رس ، له‌ژێر چاودێری و ڕێنوێنیی مامۆستا و دایک و باوکه به‌ڕێزه‌کاندا به ئه‌نجام ده‌گات. به‌ڵام ڕێنووسه‌که بۆ منداڵه‌کان نه‌نووسراوه و هه‌ر به‌س بۆ چاوپێداخشاندنێکی مامۆستای به‌ڕێزه که له ئاخری بابه‌ته‌کانی ئه‌م کتێبۆکه‌یه دا هاتوه.
6 ـ له نووسینی ڕسته و فێرکردنی ڕسته‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی بۆم لوابێت ، ڕسته‌ی هاسان و وشه‌ی کورتی یه‌ک که‌رتی و وشه‌ی خوێندراوی ده‌رسی پێشووم هێناوه‌ته‌وه. دیاره له به‌شی (ته‌مرینی مامۆستا و قوتابی)دا، وشه‌ی تازه گونجێندراویش هاتوه، که قوتابی به یارمه‌تیی مامۆستای به‌ڕێز فێریان ده‌بێت.
7ـ له تێکسته‌کاندا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵی ئه‌مه دراوه که هێما و نیشانه‌گه‌لی وه‌ک: دانانی ( نوخته ) واته خاڵی ئاخر له کۆتایی ڕسته‌دا، دانانی کاما( ، ) له‌جێگای پێویست دا و هه‌وه‌ها نیشانه‌ی پرسیاری( ؟ ) ، نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان( ! ) نیشانه‌ی وتووێژ ( : ــ ) به منداڵ بناسێندرێت، که لێره‌دا ئه‌رکی مامۆستای به‌ڕێز و خۆماندووکردنی دایک و باوکه دڵسۆزه‌کانه هومێدی سه‌رکه‌وتنی منداڵه‌کان مسۆگه‌ر ده‌کات.
8 ـ ئه‌وه‌نده‌ی توانیبێتم ، هه‌وڵم داوه که‌ره‌سه و ئامێر و ئامرازی کۆنی وه‌ک (داس، ده‌ستاڕ ، گاسن، سوێنه و سه‌له و سه‌به‌ته و...) که به‌ره به‌ره له‌به‌ر ده‌ستاندا نه‌ماون و ته‌نانه‌ت ناوه‌که‌یشیان به‌ره‌و بیرچوونه‌وه ده‌چێت ، له تێکست و ده‌رسه‌کاندا ناویان نه‌هێنم .
9 ـ بۆ هه‌ر ده‌رسێک چه‌ند وێنه و ڕه‌سمم نه‌خش کردووه ، که هیچ کام له وێنه و ڕه‌سمه‌کان له سه‌تاسه‌ت کاری خۆم نین. ده‌کرێ بڵێم هه‌ر هه‌موویانم له ئینترنێت هێناونه‌ته‌وه و پاش سه‌ر و گوێ بڕین و ڕه‌نگ و بۆیه لێدانێک ، کردوومنه‌ته نه‌خشی بابه‌ت بۆ تێکسته‌کان. بۆ وێنه کچ و کوڕی چینی و ژاپۆنی ـ م وه‌رگرتووه ، جلکی کوردیم ده‌به‌ر کردوون و کردوومنه‌ته کورد. دیاره به‌هۆی ده‌ست و قه‌ڵه‌م کۆڵیم له نه‌خشاندن و ڕه‌نگاندن دا، ئه‌م ئاڵوگۆڕ و مۆنتاژکردن و ڕه‌نگ و بۆیه‌لێدانه‌ش کات و وه‌ختێکی فره زیادی گرتووه و ده‌کرێ بڵێم بۆ سازکردنی هه‌ر وێنه‌یه‌ک ، چه‌ندین کاتژمێر (کات)ی ویستووه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه نه‌خش و وێنه‌کان زۆر له به‌ر دڵان نه‌بن و هاو واتای تێکسته‌کان نه‌یه‌نه‌وه ، هه‌ربۆیه هیوادارم که‌سێکی ده‌ست و قه‌ڵه‌م ڕه‌نگین هه‌ڵکه‌وێ و که‌م و کووڕییه‌کانم بۆ پڕ کاته‌وه . زۆر پێویسته داوای لێبوردن له سه‌رجه‌م ئه‌و هونه‌رمه‌نده هێژایانه بکه‌م که به‌بێ پرسی پێشه‌کی، که‌ڵکی بێ پرس و ڕام له به‌رهه‌مه‌کانیان وه‌رگرتووه . به‌تایبه‌ت له ماڵپه‌ڕی(سنه)، که چه‌ند وێنه و تابڵۆی ئه‌وانم به قه‌رز وه‌رگرتووه و له کتێبه‌که‌دا گونجاندومن. دیاره ئه‌گه‌ر ده‌ستم به هونه‌رمه‌ندانی هێژای وه‌ک: کاک مێهدی زیائودینی و کاک بێهزاد تارا و هونه‌روه‌رانی هێژای دیکه ڕابگات ، سپاس و پێزانینی خۆمیان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نم و ئه‌گه‌ر قه‌ت نه‌توانم زیاره‌تیان بکه‌م ، ئه‌وا ده‌بێ بڵێم پشک و به‌شی ئه‌وانیش له‌م کتێبۆکه‌یه دا هه‌یه و جێیان له سه‌ر سه‌ر و له سه‌ر چاوانی منه.
له کۆتایی دا پێویسته بڵێم که هاوڕێی تێکۆشه‌رم ، مامۆستا ڕه‌شاد مسته‌فا سوڵتانی هه‌ر له سه‌ره‌تای کاردا ئه‌رکی پێداچوونه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ی گرته ئه‌ستۆ و له تاریخی (30/1/96)دا به ناردنی نامه‌یه‌کی به‌نرخ ، گه‌لێک هه‌ڵه‌ی بۆ ده‌سنیشان کردم و گه‌لێکی ڕێنوێنی کردم . من له‌م بابه‌ته‌وه زمانی سپاس و پێزانینم کورته و هه‌ر هیواخوازم وێنه‌ی ئه‌م جوانمێرانه له نێوماندا زۆر بێت و سایه‌یان له‌سه‌ر سه‌ری ئێمه که‌م نه‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها شایانی ئاماژه‌یه و قه‌ت له بیر ناکرێت که‌ڕامه‌ت و مه‌زنایه‌تییه‌کانی مامۆستا دوکتۆر فه‌رهاد شاکه‌لی ، که سه‌ره‌ڕای سه‌رقاڵی و سه‌رمه‌شغوڵی ده‌رس گوتنه‌وه‌ی له زانکۆکانی سوید دا ، زۆر دلۆڤانانه چاوی به(ڕێنووس)ه بچکۆڵانه‌که‌ی ئه‌م کتێبه‌دا خشاند و له‌م بواره دا بوو به یاریکارم . به هیوام ده‌وری حه‌کیمانه و خۆش نه‌خشی مامۆستا فه‌رهادشاکه‌لی له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری دا هه‌ر زیندوو بمێنێته‌وه.
له ئاخرسه‌ر دا دیسان دووپاتی ده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵێم که ئه‌م به‌رهه‌مه بچووکه به هه‌موو که‌م و کوڕی و نه‌پوختیشییه‌وه ، ئه‌گه‌ر بتوانێ بکه‌وێته به‌ر دیده‌ی خاوه‌ن نه‌زه‌ران و که‌مایه‌سییه‌کانی پڕ بکرێته‌وه ، ڕه‌نگه له لایه‌ک ببێته بیرئانینێک ی بچکۆڵانه بۆ باشترین ڕۆڵه به ئه‌مه‌گه‌کانی کوردستانه‌که‌مان و له لایه‌کی تریش ببێته مه‌زنترینی خه‌ڵات بۆ ڕۆژی کووژانه‌وه‌ی بیست و هه‌شته‌مین مۆمی ته‌مه‌نی پیشه‌ی ده‌رس گوتنه‌وه و کاری مامۆستایه‌تیم.
هیوام سه‌که‌وتنی دایک و باوکه دڵسۆزه‌کان و مامۆستا به‌ڕێزه‌کانه و، به‌هیوام که‌می من به زۆر بزانن.
ئاخر قسه‌م ئه‌مه‌یه و ناکرێت فه‌رامۆشی بکه‌م که، ئه‌م کتێبه و چه‌ندێکی ترم ، هه‌رچه‌ند زۆر له‌مێژ بوو بۆ چاپ و بڵاو بوونه‌وه ئاماده کرابوون و ، ئه‌گه‌رچی له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی نووسینگه‌ی ئۆرگانێکی کوردی له ستۆکهۆڵم ـ یش ده‌ستی چاپکردنی هه‌رچی زۆتر(ئورژانس)یان بۆ له‌مل درا و ئۆرژیناڵی کتێبه‌کانیشان بۆ چاپکردن به په‌له لێوه‌رگرتم ، به‌ڵام درۆیان ده‌گه‌ڵ کردم و ئۆرژیناڵه‌کانیشم تێدا چوون ، به‌ناچار چه‌ند ساڵێکیان ده‌گه‌ڵ خه‌ریک بوومه‌وه و سه‌ر له‌نوێ سازم کردنه‌وه . به‌ڵام له‌و ساوه هه‌تا ئیمڕۆ به هۆی نه‌بوونی ئیمکانی چاپکردنیان، به چاپ نه‌کراوی هه‌ر به سه‌ر ده‌ستی خۆمدا مابوونه‌وه هه‌تا سه‌ره‌نجام با‌ڵی به‌رزه‌فڕی ئینته‌رنێتم به فریا گه‌یشت و جێی به‌تاڵی واده و به‌ڵێنی بێ ناوه‌رۆکی ئه‌م و ئه‌وانی بۆ پڕ کردمه‌وه
به ئه‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه که‌ریم دانشیار ــ سوید 25 ی سه‌رماوه‌زی1994.
مامۆستای هێژا!
دایک و باوکی به‌ڕێز!
هه‌ر وه‌کی ئێوه‌یش شاره‌زان و ده‌زانن ، نووسینی کوردی به‌م شێوه خه‌ته‌ی که هه‌ر ئێستا باوه و پێی ده‌نووسرێت ، چه‌شنه هونه‌رێکی قه‌ڵه‌مکێشان و ڕه‌سم و نه‌خشکردنی هه‌رچی جوانتری پیت و وشه‌کانه . ده‌بێ بڵێین ئه‌م هونه‌ره‌ش کاتێک وه‌ک ده‌سکه‌وت به قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستان ده‌بڕێت ، که هه‌ر له‌سه‌ره‌تای منداڵی و ده‌سپێکه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست هه‌ڵس و که‌وتی له‌گه‌ڵدا کرابێت. به گوته‌یه‌کی ساکار و ڕه‌وانتر بێژین که ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ی مرۆڤ له سه‌رده‌می منداڵییه‌وه به شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست بخرێته کاناڵی هه‌ر کارێکه‌وه ، مێشکی ئه‌و مرۆڤه له بواری ئه‌و کاره‌دا مۆر و شه‌قڵی ڕاست و دروست وه‌رده‌گرێت و کارامه‌یی زیاتری پێ ده‌بڕێت. له‌ڕاستیدا پێوه‌ند‌یی کاری به‌رده‌وامی نێوان په‌نجه و مێشکی مرۆڤه که ژیانی سه‌رکه‌وتووی مرۆڤی ئیمڕۆکه‌یی وه‌دی هێناوه.
به‌ڕێزان !
من له‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌دا بۆ ڕاهێنانی ده‌ست و قه‌ڵه‌می ساوا و تازه‌کاری منداڵی کورد، ئه‌م پڕۆژه بچکۆڵانه‌یه‌م پێشکه‌شی ڕای ئێوه‌ی به‌ڕێز کردوه که زۆر جاران و له گه‌لێک کتێبی سه‌ره‌تاییدا به‌تاقی کراوه‌ته‌وه . خۆ دیاره ئه‌م ته‌مرینانه کاتێک به‌که‌ڵک و به‌هره‌دار ده‌بن ، که منداڵ له که‌ش و هه‌وایه‌کی ته‌واو هێمن و ئارام و حه‌ساوه‌وه دا ده‌ست به ته‌مرینه‌کان بکات و هیچ جۆره زه‌خت و گوشارێکی زۆره ملی به سه‌ره‌وه نه‌بێت. نابێ وه‌ک ئه‌و ئه‌رک(وه‌زیفه)یه چاوی لێ بکرێت که له‌نێو ئێمه دا باوه و هه‌ر بۆ ڕه‌شکردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی کتێبه و به‌س. به‌پێچه‌وانه ، ده‌بێ به سه‌بر و حه‌وسه‌له‌یه‌کی یه‌کجار زۆر هێدیانه ده‌ست به‌م کاره بکردرێت و هه‌موو ده‌م سه‌رنج و چاوه‌دێریی مامۆستای به‌ڕێزی به‌سه‌ره‌وه بێت. ده‌بێ هه‌ر له ده‌سپێک و سه‌ره‌تای کاره‌وه مامۆستای هێژا و دایک و باوکه به‌ڕێزه‌کان به وریایی چاوه‌دێر و یاریکار و ڕێ نیشانده‌ر ی ده‌ست و قه‌ڵه‌می ساواکان بن. چونکه ئه‌وه‌ی که منداڵ له‌م ته‌مه‌نه و له‌م هه‌له‌دا فێری ده‌بێت و پێی ڕادێت ، جا به چاک یان به خراپ ، وه‌ک نه‌خشی سه‌ر به‌ردی لێ دێت و ده‌بێته خانه‌نشینی مێشکیان و ده‌مێنێته‌وه.
به‌ڕێزان!
شێوه‌ی قه‌ڵه‌مکێشان و شوێن پێی قه‌ڵه‌م بۆ نووسین و ڕه‌سمکردنی به‌ده‌نه و چوار ئێسکه‌ی ئه‌و پیتانه‌ی که خوێندکاره بچکۆڵه‌کانمان له یه‌که‌مساڵی خوێندندا ده‌ست به فێربوونیان ده‌که‌ن ، له‌م ده‌فته‌ره‌دا هاتووه و چۆنیه‌تی کار به‌مجۆره‌یه که:
1ـ شێوه‌ی قه‌ڵه‌مکێشان بۆ ڕه‌سمی به‌شێک له هه‌ر پیتێک ، به‌ڕه‌نگی سوور و (گه‌وره‌تر) ، له سه‌ردێڕی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کدا هاتووه.
2ـ له به‌شی خواره‌وه‌ی سه‌ردێڕی لاپه‌ڕه‌کاندا، هه‌ر هه‌مان شت چوارجار به ڕه‌نگی سوور دووپات کراوه‌ته‌وه.
3ـ له ژێره‌وه‌ی ئه‌و دێڕه دووپاتکراوه‌یه‌شدا هه‌ر هه‌مان شت ، به‌ڵام وردتر ، له دێڕێک‌دا نووسراوه‌ته‌وه.
ئه‌م دوو دێڕه ، به‌س بۆ دیتنی بارستایی بچووکی و گه‌وره‌یی شته‌که‌یه و بۆ ناسینی پێچ و خه‌می ئه‌و شته‌یه که ده‌بێ له خواره‌وه ته‌مرینی له سه‌ر بکرێت. مه‌به‌ست له بارستایی بچووکی و گه‌وره‌یی شته‌که‌ش ئه‌مه‌یه که منداڵ هه‌ر له سه‌ره‌تای کاره‌وه بۆی ده‌رکه‌وێت هه‌ر پیتێک ده‌کرێ زۆر ورد ، یان زۆر درشت بنووسرێت.
4ـ له خواروه‌ی ئه‌م دوو دێڕانه‌شدا چوار دێڕه ته‌مرینی دیکه ، به‌ڵام به شێوه‌ی ڕیزه‌ڵه خاڵی وردی له‌یه‌کتر جیا هاتووه. لێره‌دا ده‌ست و قه‌ڵه‌می منداڵ وه‌کار ده‌که‌وێت و به نووکی قه‌ڵه‌می تیژکراو به‌سه‌ر ڕیزه‌ڵه خاڵه‌کاندا ده‌چێته‌وه . ئیتر لێره‌دا چاوه‌دێری و ڕێنوێنیی مامۆستا و سه‌رنجی دایک و باوکه ڕێزداره‌کان گرنگی و بایه‌خی به‌رزی خۆی نیشان ده‌دات.
5 ـ له به‌شی هه‌ره خواره‌وه‌ی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کدا دوو دێڕ بۆ ده‌ست و قه‌ڵه‌می منداڵ دیاری کراوه ، که لێره‌دا ده‌ست و نه‌خشی قه‌ڵه‌می منداڵه‌که ده‌که‌وێته کار و چی له جانتای ڕاهێنراوی دایه ، ده‌یخاته سه‌ر لاپه‌ڕه.
6ـ له ژێره‌وه‌ی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کدا هاتووه که ده‌ست و قه‌ڵه‌می منداڵه‌کان خه‌ریکی ته‌مرینی کێهه به‌ش له چوارئێسکه‌ی کام پیتی ئه‌لفباییه.
له ئاخر که‌لام دا به‌هیوام مامۆستای هێژا و دایک و باوکه به‌ڕێزه‌کان له ئه‌رکی پێ سپێراوی گوشکردن و ڕاهێنانی منداڵه‌کان دا سه‌رکه‌وتوو بن.
25ی سه‌رماوه‌زی ساڵی 1994 ـ سوید ـ که‌ریم دانشیار